زایەڵە - ئەو ناونیشانەی سەرەوە بەشێك لە فەلسەفەی مووچە پێکدەهێنێت،چوونکە جۆرێ لەدڵنیایی بۆ مووچە خۆر لەسەر ئێستاو دووارۆژی درووست دەکات بەحوکمی ئەوەی سەرچاوەیەکی گەرەنتی و جێگیرو بەردەوامی ژیانی تاکو مردن هەیە.
کەچی بەداخەوە لەسایەی دەسەڵاتی دووحیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان دا، مووچە نەك هەر ئەم ئامانجە بەدیناهێت و مووچە خۆران لەدڵنیایدا ناژین، بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، مووچەخۆر لەسایەی قەیرانی ئابووری و پاشەکەوت ودرەنگ کەوتنی پێدانی موچەکەیدا، لەسۆنگەی بێپلانی وگەندەڵی و ناکارامەیی و ناکۆکی دەسەڵاتدارانی دووحیزبەکەدا، لە دۆخی نیگەرانی و هەست بە بێ بەشیدا دەژین، دیارە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و هەوڵەکانی یەکگرتوو خەڵکی ناڕازی و موچە خۆران سەبارەت بە یەکسانکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق و نەبەستنەوەی موچە بەهیچ شتێکی دیکەوە، جۆرێ لەگەشبینی لای مووچەخۆران درووستبوو.
کەچی جارێکی تر حکومەتی جووت پارتی و وەزارەتە داراییەکەی بەهۆی بوونی دامەزراندن و خراپی و ناڕێکی و پێکی لیستی مووچەو کارانەکردنی سنووقی خانە نشینی هەرێم و درووستکردنی لەمپەر بۆ تەوتینی بانکی، پاساویان بەدەست حکوومەتی عێراقەوە داوە بۆئەوەی مەینەتی و ئازاری موچە خۆرانی هەرێم تاکو ئێستا درێژە بکێشێت.
بەوەش نەك هەر سزادانی موچە خۆران بەهەموو جۆرەکانییەوە لەوانەش خانەنشینان بەردەوام بێت، بەڵکو سزای بەشەکەیتری خەڵك وکۆی کۆمەڵگە بدەن، بەحوکمی ئەوەی نەدان و درەنگ کەوتنی موچە بێبازاڕی بەدوادا دێت و تەواوی کەرتەکان زیانیان بەردەکەوێت. هەموو ئەمانەش ئەوەمان پێدەڵێت کەوە هەردوو حیزبی دەسەڵات هێندەی بیریان لە بەرژەوەندییەحیزبی وکەسییەکانی خۆیان کردۆتەوە نیوهێندە بەخەمی مووچەخۆرو بەرژەوەندی گەل و هاووڵاتیانی کوردستانەوە نەبوون.
«کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێ کردنی یەکگرتووی ئیسلامی »